شاعیر: مینە جاف
کتێب: دیوانی مینە جاف
سەرناو: دەنگی واوەیلایە دیسان تێتە گوێم گریان و شین
لەبارەی شیعر: بۆ مردنی مامی خۆی «ڕەزا بەگی فەتاح بەگ»

دەنگی واوەیلایە دیسان تێتە گوێم گریان و شین
زەلزەلەی حەشرە مەگەر ئەم حاڵە کەوتە سەر زەمین

دیارە خۆ ئەمڕۆ قیامەت هەڵنەساوە ئەی ڕەفیق
وا موحەقەمە «ڕەزا بەگ» مردووە لێم بوو یەقین

ڕوو لە هەر لایە ئەکەم هاوار و ئۆف و ناڵەیە
جێگەیە دەست ناکەوێ بێ باوکەڕۆ و یەقەدڕین

دەنگی باوکەڕۆیە تێت و کاکەڕۆیە و مامەڕۆ
هەر براڕۆیە لە سەر یەک تێت و ئاغاڕۆی حەزین

با منیش شینێ بکەم هەر وەک ئەوان ئەمما بە بەیت
هەر بە ناو ئیسمی غەزەل بێ، پڕ لە مەعنا و ئاگرین

***

وا نەزانی پاش حمەد بەگ کەس نییە ڕۆی بۆ بکەم
یا بە تۆ تازەی کەمۆ، ئینجا ڕەزا بەگ مامەڕۆ

میری عالی هیممەت و کانی شەرافەت مامەڕۆ
مەنبەعی شەرم و حەیا ڕۆحی نەجابات مامەڕۆ

بەحری عەزم و غیرەت و دەرک و فەراسەت مامەڕۆ
ساحیبی ئیحسان و عەدل و خەیر و تاعەت مامەڕۆ

خۆت بە مونسیف دائەنا لەم کۆچە ئینسافت نەبوو
چونکە تا ڕۆژی قیامەت هەر بڵێم من مامەڕۆ